کێشمەکێشی ئه‌مریکا لەگەڵ ‌ئێران و مه‌ترسیه‌ ناوخۆیی و ناوچه‌ییه‌کان

مقالات
شخصی سازی فونت
  • کوچکتر کوچک متوسط بزرگ بزرگتر
  • Default Helvetica Segoe Georgia Times

 به‌یاننامه‌ی هاوبه‌شی سێ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری، له‌ئێران و عێراق و کوردستان سه‌باره‌ت به‌:

کێشمەکێشی ئه‌مریکا لەگەڵ ‌ئێران و مه‌ترسیه‌ ناوخۆیی و ناوچه‌ییه‌کان.   دژایەتی و کێشمەکێشی ئه‌مریکا لەگەڵ ئێران پێی ناوه‌ته‌ قۆناغێکی تازه‌وه‌. پیاده‌کردنی سزا ئابوریه‌کان بۆسه‌رئێران، که‌به‌دوای ده‌رچوونی ئه‌مریکا لە رێکەوتنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا ده‌ستیپێکرد، به‌دوای بڕیاردان له‌سه‌ر دانانی ‌هه‌موو سوپای پاسداران له‌ لیستی" ڕێکخراوه‌ تیرۆریستیه‌ ده‌ره‌کیه‌کان"دا و هاوکات به‌کۆتایی هاتنی ماوه‌ی چاوپۆشیکردنی شه‌ش مانگه‌ له‌هه‌شت وڵات بۆکڕینی نه‌وت له‌ئێران ودرێژنه‌کردنه‌وه‌ی ئه‌م ماوه‌یه‌، ئه‌م  دژایەتیەی ئه‌مریکا پێی ناوه‌ته‌ قۆناغیکی تازه‌وه‌.  

 ده‌سته‌ی فه‌رمانڕه‌وای ئه‌مریکا ڕایگه‌یاندووه‌ که بەجۆرێك ‌سزا نه‌وتیه‌کانی سەر ئیران فراواندەکاتەوە که‌ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی ئه‌م وڵاته‌  به‌ئاستی سفر بگه‌یه‌نێ. له‌مه‌ش زیاتر به‌هه‌موو وڵاتان و دامه‌زراوه ‌و بانکه‌کانی ڕاگه‌یاندووه‌ که‌"ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ سوپای پاسداراندا مامه‌ڵه‌بکه‌ن، ئه‌وا ‌سه‌رمایه‌تان بۆ تیرۆریزم فه‌راهه‌م‌ کردوه‌". به‌مجۆره‌ش له‌ڕۆژی دووه‌می مانگی ئایاره‌وه‌ سزا ئابوریه‌کانی سه‌رئێران فراوانتر و هه‌مه‌لایه‌نه‌تر دەبێت. پاساو‌ی ئه‌مریکا بۆ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی، بوونی جمهوری ئیسلامیه‌ وه‌ک فاکتۆرێک بۆ نائارامی و مه‌ترسیه‌ک بۆسه‌ر ئاسایش له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و ده‌بێ ڕه‌فتاره‌کانی خۆی بگۆڕێ.

 وه‌ک کاردانه‌وه‌یه‌کیش به‌رامبه‌ر به‌م سزا وهه‌ڕه‌شانه‌ی حکومه‌ته‌که‌ی ترامپ، جمهوری ئیسلامی ڕایگه‌یاندووه‌:"ڕژێمی وڵاته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا، دەوڵه‌تێکی پارێزه‌ری تیرۆریزمه‌ و فەرمانده‌ی ناوه‌ندی ئه‌مریکا له‌ناوچه‌ی ڕۆژئاوای ئاسیا (ناسراو به‌ سنتکام) و ته‌واوی هێزه‌ وابه‌سته‌کانی، به‌گروپی تیرۆرستی داده‌نێ" .

  هاوکات له‌گه‌ڵ بەرینبوونەوەی سزاکان و هه‌ڕه‌شه‌کانی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا وکاردانه‌وه‌کانی جمهوری ئیسلامی له‌به‌رامبه‌ریدا، جموجوڵه‌کانی ئیسرائیل وسعودیه‌ وهه‌وڵه‌کانیان بۆ توندکردنه‌وه‌ی ئه‌م دژایه‌تیه‌ و خۆشکردنی پڕوپاگه‌ندە و فه‌زای جه‌نگی له‌گه‌ڵ مانۆری سه‌ربازی هه‌ردوولایان، نه‌ک خه‌ڵکی ئێران به‌ته‌نها، به‌ڵکو خه‌ڵکی هه‌موو ناوچه‌که‌ی ڕاکێشاوه‌ته‌ نێو ‌ترس و دڵه‌راوکێیه‌کی قوڵه‌وه‌.

  سه‌ربه‌خۆ له‌ ماهیەتی کۆنه‌په‌رستانه‌ی جمهوری ئیسلامی، خودی ئه‌م ملهوڕی و سزاو هه‌ڕه‌شانه‌ی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا، به‌هه‌رپاساوێکه‌وه‌ بێت، هه‌نگاوێکی زۆردارانه‌ و ملهوڕانه‌یه‌ ومه‌حکومه‌.

 حکومه‌ته‌که‌ی ترامپ ها‌وشێوه‌ی حکومه‌ته‌کانی پێشووی ئه‌م وڵاته‌، له‌پێناو دابینکردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیدا و له‌کێشمه‌کێشه‌کانیدا له‌گه‌ڵ جه‌مسه‌ره‌  سه‌ره‌کیه‌کانی ئیمپریالیستی ومونافیسه‌ جیهانیه‌کانیدا، به‌داتاشینی "میحوه‌ری شه‌ڕ" و له‌ژێرناوی به‌رگریکردن له‌"ئاسایش"ی جیهانی، له‌قامه‌تی سه‌رۆک و پۆلیسی جیهاندا، هۆکاری سه‌ره‌کی بووه‌ بۆ بره‌ودان به‌ نائارامی وجه‌نگ وهه‌ڵخستنی فه‌زای جه‌نگی وترس وملهوڕی و زۆرداری له‌ئاست دونیادا.

  بانگه‌شه‌ی "به‌رگری له‌ئاسایش"ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و"ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆریزم" و به‌رگری له‌مافه‌کانی مرۆڤ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکاوه‌،  که ‌نه‌ک ته‌نها فراوانترین کوشتاری به‌کۆمه‌ڵ وتاوانی له‌هیرۆشیما و ناکازاکی ئه‌نجامداوه‌، بگره‌ له‌ئه‌فغانستان، عێڕاق، سوریا، لیبیا و ده‌یان وڵاتی تر و له‌ئه‌مریکای لاتینەوە تا ئه‌فریقیاش کارنامەیەکی ڕەشی هەیە، ده‌وڵه‌تێک که ‌گه‌وره‌ترین هۆکاری برەودانه‌ به‌ تیرۆریزمی ده‌وڵه‌تی وخوڵقێنه‌ری ڕه‌وتی جۆراوجۆری تاوانکاری ئیسلامی و قه‌ومی و گانگسته‌ری سه‌ربازی بوه‌، له‌ڕاده‌به‌ده‌ر بانگه‌شه‌گه‌لێکی گاڵته‌جارانه‌یه‌. له‌ڕاستیدا یه‌که‌مین هه‌نگاوێک بە ئاراستەی ئاسایشی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وجیهاندا، جڵه‌وگرتنی ئه‌م میلیتاریزمه‌ و ئه‌م سزادان و هه‌ڵسوکه‌وتانه‌ی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا وهاوپه‌یمانەکانیەتی له‌ئاست ناوچه‌که‌دا.

 هه‌رچه‌نده‌ نوێنه‌رانی ده‌سته‌ی فه‌رمانڕه‌وای ئه‌مریکا، به‌ڕەسمی ڕایانگه‌یاندووه‌ که‌ نه‌ ئاڵوگۆڕی ڕژێم و نه‌جه‌نگێکیان له‌دژی ئێران له‌بەرنامەی کاردایە‌، به‌ڵام به ‌سزا فراوانه‌ ئابوریه‌کانیان، به‌ڕه‌سمی و به‌کرده‌وه‌ جه‌نگێکی وێرانکه‌ری گه‌وره‌یان له‌دژی خه‌ڵکی ئێران ده‌ستپێکردووه‌ و که‌مه‌ری چینی کرێکار و توێژه‌ بێبه‌شه‌کانی کۆمه‌ڵگایان ووردکردووه‌. چینی کرێکارو خه‌ڵکی بێبه‌شی ئێران یه‌که‌مین قوربانیانی ئه‌م جه‌نگه‌ ئابوریه‌ن.

 سزاکانی ئه‌مریکا باشترین فرسه‌ت و توانای بۆ جمهوری ئیسلامی ڕه‌خساندووه‌‌ تا له‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌خواسته‌کانی باشبژێوی ده‌یان ملیۆن کرێکارو خه‌ڵکی بێبه‌ش و ناڕازی ئێران، به‌پاساوی ئه‌م سزایانه‌وه‌، هه‌ڵبێت. هاوکات توندکردنه‌وه‌ی فه‌زای جه‌نگی له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌، به‌هانه‌ و به‌ڵگه‌یه‌کی بۆ جمهوری ئیسلامی دروستکردووه‌، تا قاچی ده‌سته‌وتاقمی جۆراوجۆری قه‌ومی و مه‌زهه‌بی و میلیشیای شیعەو چه‌کداری سەربه‌خۆی له‌ناوچه‌که‌دا به‌ره‌و ئێران بگه‌ڕێنێته‌وه‌. ڕاکێشانی قاچی حه‌شدی شه‌عبی، حزبوڵای لوبنان، فاتمیه‌کان، زه‌ینه‌بیه‌کان، رۆچوونی سوپای پاسداران به‌ره‌و ئه‌و ناوچانه‌ی لافاو لێداوه‌ و له‌خوارووی ئێران، ئه‌مانه‌ به‌پاساوی "کۆمه‌ک" کردن به‌ لێقه‌وماوان، له‌بنەڕەتدا بۆ ئامانجی ملکه‌چ پێکردنی چینی کرێکارو به‌ره‌ودوا گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خه‌باتی ئه‌م چینه‌و خه‌ڵکی ئازادیخوازی ئێرانه‌، که‌ڕووی له‌ڕوخانی جمهوری ئیسلامیه‌، بۆ سه‌رکوتکردنی خه‌ڵکی ناڕازیه‌.

 ئه‌م کێشمه‌کێشه‌ ئاسه‌واره‌کانی نه‌ک ته‌نها بۆسه‌ر ئێرانە، بگره‌ ژیان و ئاسایشی خه‌ڵکی هه‌موو ناوچه‌که‌ و له‌وانه‌ش عێراقی خستۆته‌ژێر کاریگه‌ری خۆیه‌وه‌. دۆخی کۆمه‌ڵگای عێراق بە کاریگەری ئەم کێشمەکێش و فشارانەی ئەمریکا بۆسه‌ر"ده‌سه‌ڵاتداران"ی عێراق، تا فه‌رمانه‌کانی ده‌سته‌ی فه‌رمانڕه‌وای ئه‌مریکا به‌رنه‌پێشه‌وه‌ وسزاکان به‌رێوه‌به‌رن، بارگاوی بووە‌. "ده‌سه‌ڵاتداران"ی عێراق، له‌ژێرکاریگه‌ری تووندبوونه‌وه‌ی ئه‌م فه‌زای جه‌نگه‌ ئابوریه‌دا، هه‌تا دێت زیاتر له‌ژێر ئاڵای جۆراوجۆری کۆنه‌په‌رستانه‌دا، به‌ناوی سونه ‌و شیعه‌، کورد وعه‌ره‌ب، تورکمان و.. دەست دەبەنەوە بۆ توندکردنه‌وه‌ی فه‌زای دوژمنکارانه‌ و دووبەرەکی له‌نێوان چینی کرێکارو خه‌ڵکی بێبه‌شی عێراقدا، تا خه‌باتی ئه‌وان له‌پێناو خۆشگوزه‌رانی وئارامی وئاسایش وعه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، به‌ره‌ودوا بگێڕنه‌وه‌.  

  لەگەڵ توندبوونەوەی ئەم کێشمەکێش و بارگرژی و خۆسەپاندنەی دەوڵەتی ترامپ و کاردانەوەکانی جمهوری ئیسلامی، لە لوبنان، سوریا، یەمەن، عێراق وکوردستانی عێراقدا، کێشمەکێشی نێوان دارودەستە چەکدارە کۆنەپەرستەکانی سەر بەو دوو جەمسەرەش توندتر دەبێتەوە. لەکەنار ملهوڕی ئەمریکادا، جمهوری ئیسلامی هێزەکانی حزبوڵای لوبنان، حەشدی شەعبی و هەموو ڕەوتە چەکدارە حکومی و ناحکومیەکانی لە ناوچەکەدا دەخاتە جموجووڵەوە. جموجوڵێك کە سەرەنجام ژیانی خەڵکی ئەم ناوچەیە ڕوبەڕوی مەترسی جدی دەکاتەوە.

  ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا و جمهوری ئیسلامی وهاوپه‌یمانه‌ ناوچه‌یی و جیهانیه‌کانیان، دوژمنانی سەرسەختی هه‌رجۆره‌ یه‌کسانیخوازی و عه‌داله‌تخوازیەکن له‌جیهاندا. دۆستایه‌تی و دوژمنایه‌تی‌، جه‌نگ و ئاشتی ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ وهاوپه‌یمانەکانیان له‌ناوچه‌که‌دا، له‌دژی چینی کرێکارو خه‌ڵکی بێبه‌شه‌ له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. 

 ئه‌مڕۆ که‌چینی کرێکاری ئێران و ڕیزی چه‌وساوه‌کان، ڕیزی ژنان ولاوانی ئازادیخواز که‌بۆ خۆشگوزه‌رانی و ئازادی و به‌ده‌ستهێنانی مافه ‌سه‌ره‌تاییه‌ ئینسانیه‌کانی خۆیان، له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتداراندا هه‌نگاوی گرنگیان بۆ پێشه‌وه‌ هه‌ڵهێناوە‌ و له‌ئاستێکی فراوانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌سه‌ڵاتیان به‌گیرهێناوه‌، ئه‌م بێباکی و ملهوڕیه‌ی ئه‌مریکا له‌ژێر هه‌رناوێکدا و به‌هه‌ر پاساوێکه‌وه ‌بێت، نه‌ک هه‌ر له‌دژی خۆیان، بگره‌ به‌ گه‌وره‌ترین کۆمه‌ک‌ به‌ جمهوری ئیسلامی وکۆنه‌په‌رستانی ناوچه‌که ده‌زانن‌. 

  بێگومان بانگه‌واز و خواست و ویستی ئه‌م خه‌ڵکه‌، له‌گه‌ڵ ده‌یان ملیۆن کرێکارو خه‌ڵکی ئازادیخواز له هه‌موو ڕۆژ‌هه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ناڕه‌زایه‌تیه‌که‌ به‌ڕووی  ئه‌م ملهوڕیانه‌ی حکومه‌تی ترامپ و ته‌قه‌لایه‌که‌ بۆ جڵه‌وکردنی. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌وه‌ ئه‌رکی خه‌ڵکی موته‌مه‌دنه‌ له‌خودی کۆمه‌ڵگاکانی ڕۆژئاوادا و له‌ته‌واوی جیهاندا، ده‌سته‌ی فه‌رمانڕه‌وای ئه‌مریکا له‌م سەرکێشی و یاریکردنه‌ به‌چاره‌نوسی ملیۆنه‌ها که‌س له‌م یان له‌و گۆشه‌ی دونیادا، که‌ ته‌نها و ته‌نها به‌پشتبه‌ستن به‌ جبه‌خانه‌ی زه‌به‌لاحی سه‌ربازی ئه‌مریکایی شکڵ دەگرێ،  ڕاگرن وله‌شوێنی خۆی دایبنێنه‌وه‌. 

 بوونی جمهوری ئیسلامی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،  لە عێراق وکوردستان، بوونی باندە چەکدارەکانی سەر بە ئێران،  راستەوخۆ دژی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەشی ئەم ووڵاتانەیە. ئەمڕۆ جمهوری ئیسلامی  لە عێراق و تەنانەت لە بەشێکی گەورەی کوردستانی عێراقدا،  قاچێکی دەسەڵاتە و بەشدارە لە سەپاندنی هەژاری و کارەسات و نائارامی و شەڕدا.

 چوونەدەرەوەی دەستبەجێی هێزەکانی جمهوری ئیسلامی لە سوریا، عێراق، یەمەن و لوبنان... و کورتکردنەوەی دەستی باندە چەکدارە نەتەوەیی و مەزهەبیەکان لە ناوچەکەدا، کشاندنەوەی هێزە چەکدارەکان و ئامێرو کەرەستە گەورە و گرانەکانی ئەمریکاو هەوپەیمانەکانی لە کەنداو، کۆتاییهێنان بە خۆهەڵقورتاندنی هەموو دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی وەکو ئەمریکا و ڕوسیا و بەریتانیا تا ئیسرائیل و عەرەبسانی سعودیەو تورکیاو .. لە ژیانی خەڵکی ئەم ناوچەیە خواستێکی چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخوازی ناوچەکەیە.

  ئه‌مڕۆ ده‌نگی جوڵانه‌وه‌ی عه‌داله‌تخوازانه‌ی کرێکاری ئێران به‌گوێی هه‌موان گه‌یشتووه‌. چینی کرێکار له‌عیراق و له‌ناوچه‌‌که‌دا به‌بێ دوودڵی له‌م جوڵانه‌وه‌یه‌ هێزده‌گرێ و ئومێدی خۆی پێوه‌ گرێداوه‌ته‌وه‌ و له‌که‌نار هاوچینه‌کانی خۆیدا له‌یه‌ک ڕیزدا ڕاده‌وه‌ستێ و له‌پێناو ئازادی و یه‌کسانی و کۆتاییهێنان به‌کۆیله‌یه‌تی تێده‌کۆشێت.

 ڕوخاندنی شۆڕشگێرانه‌ی جمهوری ئیسلامی له‌ئیران به‌ڕێبه‌ری چینی کرێکاری یه‌کگرتوو و ڕێکخراو و به‌ڕابه‌ری حزبی کۆمۆنیستی ئه‌م چینه‌، به‌دڵنیایه‌وه‌ ئاڵوگۆڕێکی مه‌زنه‌ نه‌ک ته‌نها له ‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵکو له‌ته‌واوی جیهاندا. ئه‌م ئاڵوگۆڕه‌ ئومێد دەبەخشێتە هەر بزوتنه‌وه‌یه‌کی شۆڕشگێرانه‌ له‌پێناو کۆتایی هێنان به‌تیرۆرو تاوان و کۆیله‌یه‌تی و وه‌حشیگه‌ریه‌ک که ‌له‌ڕۆژهه‌لات و له‌گشت جیهاندا له‌ئارادایه‌. ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی جه‌نگ وسزا وملهوریه‌‌ک که‌پشتی به‌جبه‌خانه‌ی زه‌به‌لاحی سه‌ربازی هێزه‌ جیهیانیه‌کان به‌ستووه‌، له‌سه‌روهه‌مویانه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا، ته‌نهاو ته‌نها به‌ پێشڕه‌وی چینی کرێکار له‌ڕه‌وتی شکڵدان به‌ شۆڕشی کرێکاری مه‌یسه‌ر دەبێ‌. چینی کرێکاری ئێران ئه‌توانێ ده‌ستپێکی ئه‌م ڕه‌وته‌ بێت نه‌ک ته‌نها له‌ناوچه‌که‌ به‌ڵکو له‌گشت جیهاندا.

 بێگومان یه‌که‌مین کاریگه‌ری ئه‌م جۆره‌ ئاڵوگۆره‌، لاوه‌کیبونه‌وه‌ی تیرۆریزم و ڕه‌وته‌ کۆنەپەرست و نه‌ته‌وه‌یی ومه‌زهه‌بیه‌کانه‌ له‌ناوچه‌که‌دا و ئه‌شتوانێ سه‌ره‌تایه‌ک بێت بۆ گۆرانکاری شۆڕشگێرانه‌، له‌پێناو کۆتاییهێنان به‌ کۆنه‌په‌رستی زاڵ و ده‌وڵه‌تانی سه‌رکوتگه‌ر وتاوانبار له‌ڕۆژهه‌لاتدا، له‌لایه‌ن چینی کرێکارو خه‌ڵکی ئازادیخوازی ناوچه‌که‌وه‌.  

 ئێمه‌ حزبه‌کانی کۆمۆنیزمی کرێکاری له‌عیراق و ئێران، وه‌ک نوینه‌ران و قسه‌که‌رانی ڕێکخراو و به‌شێک له‌کۆمۆنیسته‌کانی ئه‌م دوو وڵاتە و له‌سه‌راسه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتدا، له‌که‌نار کرێکاران و هه‌موو ئازادیخوازاندا له‌پێناو به‌دیهێنانی ئامانجێکی ئاوادا تێده‌کۆشین. 

  ئێمە، هەموو رێکخراوەکان، حزبەکان، کەسایەتی و دامەزراوەکان و ڕەوتە ئازادیخوازو یەکسانیخوازەکان، هەموو کۆمۆنیستەکان، لایەنگرانی چینی کرێکارو خەڵکی بێبەش، لە ئێران، عێراق، هەموو ووڵاتانی ناوچەکەو جیهانیش بانگەواز دەکەین کە بەهەرجۆرێك  بۆیان دەکرێ، دژی ئەم جەنگە ئابوریە  وێرانکەرە و مەترسیەکانی بێنە مەیدان. لەم کاروانەدا چینی کرێکار وخەڵکی ئازادیخوازی عێراق و ئێران و ناوچەکە لە کەناری یەکتردا دەبن. چینی کرێکار لەم ووڵاتانەدا و لە سەرجەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێجگە لە هاوچینەکانی خۆیان و بێجگە لە خەڵکی ئازادیخوازی دونیا پشتیوانێکی دیکە شك نابەن.

 بێگومان جیهان به‌بێ حکومه‌ته‌ کۆنه‌په‌رسته‌کانی ئێران و عێراق وباقی وڵاتانی تری ئه‌م ناوچه‌یه‌ و بانده‌ ڕه‌شه‌ چه‌کداره‌کان و بێچه‌که‌کان، به‌بێ ترامپه‌ حاکمه‌کان به‌سه‌ر جیهانی ئه‌مڕۆدا، ئه‌توانێ دونیایه‌کی ئینسانیتر و قابیلی ته‌حه‌مولتر وئازاد و یه‌کسان بێت. 

 

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق
 

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران- حکمه‌تیست(خه‌تی ڕه‌سمی)

٣٠ ی نیسانی ٢٠١٩